Tuesday, March 27, 2018

ساڵی نوێ، ساڵی بەخاك سپاردنی ديكتاتۆرييەتی مەلاكانە!


ساڵی نوێ، ساڵی بەخاك سپاردنی ديكتاتۆرييەتی مەلاكانە!
رابردوو تیشکی سەر رێگەی ئايندەيە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی،نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
ئێستا لە دواڕۆژانی ساڵداين. لە سەرەتای ساڵ  چاوێكمان خشاند به رابردوودا و بە تايبەت دەرچوونی سەركەوتووانەی هێزەكانی موقاومەتی ئێران لە عێراق و لادانی سەركۆماری سازشتكاری ئەمريكا، باراك ئۆباما و نووسيمان: لە ساڵی نوێدا ئومێدێك سەری هەڵداوە كە گۆڕانكارييەكی گەورە لە پێوەند لەگەڵ ئێران روو دەدات! بەڵام تا ئەم ساتە كەس لە چۆنايەتی و ميكانيزمی ئەم شتە ئاگادار نيە. بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە رێكن و باوەڕدارن كە نابێ ئەم دەرفەتە زێڕينە لە دەست بدرێت!" هەروەها نووسيمان كە بە دەركەوتنی يەكەم نيشانە و سيگناڵی دەستپێكی ئەم گۆڕانكارييە، ئەو لایەنانەی خوازیاری رووخانی ئەم رژێمەن زۆر بە خێرايی ناكۆكييەكانیان وەلا دەنێن و لە دەوری يەكتر كۆدەبنەوە بۆ ئامانجی هاوبەش. بۆ ئەم بەرخۆدان و بزوتنەوەيەيش هەلومەرجی زەينی و كرداری لە ناو ئێران ئەوەندە ئامادەیە كە بە دەست پێكردنی، حكومەت خۆی پێ ناگيرێت و شەپۆلەکەش ئەوەندە بەهێزە کە خەڵکەكە بە كەمتر لە راماڵينی ئەم حكومەتە رازی نابێت.”.
لە كۆتا رۆژانی مانگی گوڵان، خولی دوازدەهەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكايەتی كۆماری رژێمی مەلاكان بەڕێوەچوو. بەو دوو فاكتەرەی سەرەوە و بە تايبەتی چالاكيی هێزەكانی موقاومەت لە ناوخۆی ئێران لە پێوەند لەگەڵ شانۆی هەڵبژاردنەكانی مەلاكان كە بزوتنەوەی دادخوازيی زيندانيانی قەتڵوعامكراوی ساڵی 1988 كڕۆك و بنەمای بوو، ئەندازياريی هەڵبژاردنەكان لە لايەن عەلی خامنەئيەوە بۆ هێنانە سەر كاری يەكێك لە هۆكارانی ئەم قەتڵوعامكردنە واتا (ئيبراهيم رەئيسی) شكستی هێنا و شەڕەگورگ لە لووتكەی دەسەڵات پەرەی سەند. دەرەنجامی شانۆی هەڵبژاردنەكان، ”لاوازتر”دەركەوتنی ئەو رژێمە بوو كە قۆناغيتری لێكترازان و داڕمانی رژێمی بە دوادا دەهات.

دوابەدوای ئەوە، موقاومەتی ئێران لە گردبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە يەكەم رۆژی يوليۆی 2017 لە پاريس، ستراتيژيی خۆی راگەياند كە لە لايەن زۆرێك كەسايەتيی بەرجەستەی وڵاتانی جياجيای هەر پێنج كيشوەری جيهانی پشتيوانی لێكرا. ”ستراتيژيی هەزار ئەشڕەف” كە بريتی بوو لە پەرەپێدانی چالاكييەكانی موقاومەتی ئێران لە ناوخۆی ئێرانی داگيركراودا. ئەم ستراتيژييە كە هەڵقوڵاوی ئەو ئامانجە بوو كە لە رەوتی گواستنەوەی هێزەكانی موقاوەمەت لە عێراقەوە بەرەو ئەورووپا دياری كرابوو. سروشتی بوو كە ئەو ئامانجە رژێمی مەلاكان بە تەواوی شێت بكات. چون لە لايەك، پلانی ئەوان بۆ قەتڵوعامكردنی سەرجەم هێزەكانی موقاومەتی ئێران، كە لە عێراق لە لايەن هێزەكانی حكومەتی دەستنيشانكراوی نوری ماليكیەوە گەمارۆ درابوون، شكستی هێنا و لە لايەكيترەوە، ئێستا هەر ئەو هێزانە، بەهێزتر لە رابردوو، چالاكييەكانی خۆيان بۆ پەرەپێدان و رێبەرايەتيكردنی ناڕەزايەتيە جەماوەرييەكان و سەرخستنی داواكارييەكانی خەڵكی ئێران، واتا رووخاندنی رژێمی مەلاكان لە ناوخۆی ئێران چڕ كردەوە.
لە بابەتێكی تايبەت بە گردبوونەوەكەی پاريس نووسيمان كە ”لەو گردبوونەوەيەدا دەكرێت ئاسۆی سەركەوتنی موقاوەمەت بەسەر رژێمی ويلايەتی فەقيهيدا ببينين. چون گۆڕينی رژێمێكی ديكتاتۆری و رزگاركردنی گەل و نيشتمان پێويستی بە رێبەرايەتييەكی شايستە و ستراتيژييەكی رێك و پێك و خەباتكارانە و رێكخستنێكی بەهێز و هێزێكی پێشەنگ و پۆڵايين هەيە كە لە پێوەند لەگەڵ ئێران بە تەواوی بوونی هەيە و بواری رەخساندنی گۆڕانكارييەكی گەورە هەڵبەت هەل و مەرجی عەينی و زەينی خۆی هەيە كە خەڵكی ئێران زور جار لە ناڕەزايەتی دەربڕينەكانی خۆياندا بەرانبەر بە حكومەت بە باشی بانگەوازيان بۆ داوە و لە بەر ئەوەی ستەم و چەوساندنەوە و سەركوتكردنی ئەم رژێمە، دەرەوەی سنوورەكانی ئێران و بە تايبەتی وڵاتانی وەك عێراق و سوريا و لوبنان و يەمەن و ... يشی گرتۆتەوە،  ئەم موقاومەتە هاوكات بۆتە خاڵی هيوای گەلانی ناوچەكە و ئەوان چاويان بڕيوەتە رووخاندنی ئەم رژێمە لەسەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران”.
دەستپێكردنی راپەڕينی سەراسەری و جەماوەری لە رۆژانی سەرەتای مانگی بەفرانبار، لە راستيدا يەكەم هەنگاوی ئەو نەخشە رێگايە بوو كە رژێمی مەلاكانی لە خاڵی «لاوازتر»بوونەوە گەياندە خاڵی «بێ تەعادولی» م گێژبوون. هەرچەند كە رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی بە شێوازی جياجيا و هەڕەشەكردن و سيناريۆی فريودەرانە ويستی راپەڕينەکە بەرەو لاڕێدا بەرێت، ياخود وا نيشان بدات كە توانيويەتی كۆتايی بە راپەڕينەكە بهێنێت، بەڵام بەردەوامبوونی راپەڕينی جەماوەری بە تايبەتی لە لايەن لاوانی شۆڕشگێڕ و "شانەكانی شۆڕش"ەوە نيشانی دا كە راپەڕين تا رووخاندنی رژێمی مەلاكان وەستانی بۆ نيە و بەردەوام دەبێت. ئەم راپەڕينە لە هەر دەرفەتێكدا بۆی بڕەخسێت، گڕ دەگرێت. زۆرێك دەرفەتی ئاڵتوونی هەن کە تيايدا راپەڕين وەك گڕكان بەسەر ئەم رژێمەدا دائەبارێن. ئاهەنگی «چوارشەممە سووری» كە لە راستيدا دەروازەی چوونە ژوورەوەی ساڵی تازەیە، يەكێك لەو دەرفەتانە بوو كە راپەڕينكاران زەبرێكی قورسیان لە جەستەی ئەم رژێمە وەشاند.
بەرهەمی ئەو راپەڕين و خەباتەی خەڵك و موقاوەمەتی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە خۆيان نيشاندا، دەكرێت لە گۆڕينی سياسەت و ستراتيژيی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكا و هەروەها زۆرێك وڵاتانی ئەورووپايی و عەڕەبی لە پێوەند لەگەڵ ئێراندا بەدی بكرێن. ئێستا رژێمی مەلاكان لە ئاستی نێودەوڵەتيدا لەوپەڕی گۆشەگيربووندايە. نە رێككەوتننامەی ئەتۆم(بەرجام) و نە پاشەكشەی نابەدڵانەیتر، برينەكانی ئەو رژێمە ساڕێژ ناکات.. چون كۆمەڵگای جيهانی بە چاوی خۆيان بينييان كە ئەم رژێمە ناڕوا و نامەشروعە. ئەوەی ئێستا جێی سەرنج و پشتيوانيكردنی گەلانی جيهانە، گۆڕينی رژێمە لە ئێران.
ئێستا لە كۆمەڵگای جيهانی دا ئەو كۆ دەنگييە هەيە كە لە پێوەند لەگەڵ گۆڕانكارييەكانی ئايندەی ئێران، ئەوە خەڵك و موقاومەتی ئێرانە كە دوا قسەی خۆيان دەكەن. لە راستيدا لە يەكەم هەنگاوی راپەڕيندا، دەنگی شكانی ئێسكەكانی رژێمی داڕزيوی مەلاكان بيسترا و ساڵی نوی، ساڵی ناشتن و بەخاكسپاردنی ئەو رژێمە ديكتاتۆرييەيە. لەو رێڕەوەدا. خەڵك و موقاومەتی ئێران بە تەنيا نين و گومان هەڵناگرێت كە كۆمەڵگای جيهانی بۆ پشتگيريكردنیان ئامادەن.
@m_abdorrahman
تێبينی: ئەم بابەتە رۆژێک بەر لە نەورۆز ئامادە كراوە


No comments:

Post a Comment